٢٦ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٥:٢٦
عەبادی: ساڵی داهاتوو ساڵی کرانەوەی ئابوری وڵات دەبێت

حەیدەر عەبادی لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر گفتوگۆیان کرد دەربارەی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و جەختیکردەوە لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش.

عەبادی: ساڵی داهاتوو ساڵی کرانەوەی ئابوری وڵات دەبێت

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر گفتوگۆیان کرد دەربارەی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و جەختیکردەوە لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش.

 لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن نوسینگەی ڕۆژنامەوانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بڵاوکرایەوە، عەبادی ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانی سوپای عێراق لە پێشڕەوی بەردەوامدان لە ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و لە ئێستادا هەموو هەوڵەکان بەو ئاراستەیەیە کە زیانە گیانییەکان لەڕیزی هاووڵاتیانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکاندا کەمبکرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا عەبادی سوپاسی گەلی عێراقی کردووە لە دانبەخۆداگرتنیان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی ئابورییەی کە ڕووی لە وڵاتەکە کردووە بەهۆی نزمبوونەوەی نرخی نەوتەوە، هاوکات عەبادی ئاماژەی بەوەکرد ساڵی داهاتوو ساڵی کرانەوەی ئابوری وڵات دەبێت.

هاوکات بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ و لەدایک بوونی عیسای مەسیحەوە پیرۆزبایی لە مەسیحییەکانی عێراق کرد و داوایلێکردن بگەڕێنەوە عێراق و سوربوونی حکومەتی نیشاندا لەسەر دابینکردنی هەموو دابینکردنی ئاسایش و ئارامی بۆیان، هاوکات جەختیکردەوە عێراق بایەخی گرنگ دەدات بەو دۆسیەیە.

لەبەرامبەریشدا موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران جەختکراوەتەوە لە پشتیوانیکردنی لە سوپای عێراقی بۆ تەواوکردنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و تەواوکردنی چاکسازییە سیاسیەکان و پشتیوانی لە میانەڕەوی لە وڵاتدا.

لە ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ بە فەرمانی حەیدەر عەبادی و بە بەشداری سوپا و هیزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ دەستیپێکردووە، کە تا ئێستا توانراوە نزیکەی ٤٠ گەڕەکی شاری موسڵ لەبەرەی ڕۆژهەڵاتی شارەکە کۆنترۆڵبکرێتەوە.